ژیاننامه‌ی مامۆستا كرێكار

دامەزرێنەر و سەرپەرشتیاری گشتی زانکۆی زادی رێمان

بسم اللە الرحمن الرحیم

هەموو ئەو کەسانەی ناوێکی دیارو کەسایەتییەکی پرشنگداریان دەبێت و ئاراستەی خەڵكی دەکەن، دۆست و ناحەزانیان حەز دەکەن زیاتر بیان ناسن و شارەزای ژیاننامەیان بن، جەنابی مامۆستا کرێکاریش بەدەر لەوەی زانایەکی ئیسلامییە، کەسایەتیەکی سیاسییە و خەڵكێكی زۆر چ لە کوردستان وەیان دەرەوە ناو ناوبانگیان بیستووە و حەز بە ژیاننامەی دەکەن، لەبەر ئەوەی دامەزرێنەر و مامۆستای زانکۆکەمانە، پێمان خۆش بوو لێرەدا بە کورتی باس لە ژیاننامەکەی بکەین تا خەڵكی بە گشتی ئاشنا بن بە ژیاننامەی مامۆستای خۆشەویستمان.

ناو و نازناوی

مامۆستا كرێكار: ناوی تەواوەتی نجم الدین فه‌ره‌ج ئه‌حمه‌ده‌، لە راگەیاندنە جیهانییەکاندا ناسراوە بە مەلا کرێکار، پێشگری مەلا بە واتای هەڵگری زانست و پەروەردە و رۆشنبیری ئیسلامەتییە کە ئەمەش مایەی گەورەیی و رێز و پلە بەرزییە لە ناو کۆمەڵگەی ئیسلامەتیدا بەگشتی.

وەكو شاعيريش هەڵگری نازناوی کرێکار بووە، کە لەئێستادا زیاتر وەك مامۆستا کرێکار ناسراوە و بانگ دەکرێت لەلایەن دۆستان و خۆشەویستانی. هەروەها نازناوی ئەبو سەید قوطب (فاتح کرێکار) ی پێبەخشراوە لەلایەن هاوڕێ و دۆستانی لە ووڵاتی پاکستان.

لە دايك بوون و گەشە و خوێندنی

مامۆستا کرێکار له ساڵی‌ ١٩٥٦ له خێزانێکی هەژار لە‌ شاری سلێمانی له ‌دایكبووه‌، باوک و دایکی بەڕێزی کۆچی دواییان کردووە، شەش برا و چوار خوشکی هەیە. لە ساڵی ١٩٦٢ دەستی بە خوێندن کردووە و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە.

لەساڵی ١٩٧١ چۆتە ریزەکانی یەکێتی قوتابیانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام زۆری نەخایاندووە و لەگەڵ تێکەڵ بوونی بە ئەهلی مزگەوت، ئاشنا بووە بە ئەندامان و لایەنگرانی ئیخوان المسلمين و بەهۆی رەوشت بەرزی و پابەندبوونی دیندارانەیان و یادکردنەوەی بۆنە ئاینییەکان و کۆڕ و مەجلیسی مزگەوتیان هۆگریان بووە و بۆ یەکەمجار لە خزمەتی مامۆستا حەسەن پێنجوێنی لە مزگەوتی ئەبوبەکری سدديق لە شاری سلێمانی زانستە شەرعییەکانی خوێندووە و پاشان بۆتە ئەندامی رێکخراوی ئیخوان المسلمين. خۆشەویستییەکی زۆری بۆ مامۆستا حەسەن پێنجوێنی دەبێت، هەر وەك خۆی دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت:

"مامۆستا حەسەن پێنجوێنی ئيمامی مزگەوت، بووە ئيمامی ژيانم، لە خۆم و باوك و دايكمم زياتر خۆش دەويست."

بۆیە مزگەوتی ئەبوبەکری سدديق دەبێتە یەکەم قوتابخانەی ئیسلامەتی و بانگەواز و هەروەها کاری کۆمەڵکارانەی برایان.

پاش ئاوارە بوون، بەهۆی ستەم و دەستدرێژی حکومەتی بەعس لە ساڵی ١٩٧٤ بووە بە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەردەوام بووە تا نسکۆی ساڵی ١٩٧٥. لە پاش نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ و لەبارچوونی شۆڕشی ئەیلول جەنابی مامۆستاش دەگەڕێتەوە سلێمانی و پاش ماوەیەك ڕودەکاتە شاری هەولێر و لە تەمەنی ١٩ ساڵيدا وەك فەرمانبەر له‌ ئه‌مانه‌تی گشتی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی دادەمەزرێت و هاوکات درێژە بەخوێندنی شەوانە دەدات، قۆناغی دواناوەندی بە سەرکەوتووی و نمرەیەكی باش تەواو دەکات.

لە شاری هەولێر بایەخێکی زۆر بە دیراسەکردن و خوێندنەوە دەدات و بینای فیکری خۆی دروست دەکات، ئەمەش لە پاش ناسینی کەسانێکی دیندار و بۆ خوا سوڵحاو کەئاراستەی دەکەن، جگە لەوەش بایەخێکی زۆر بە خوێندنەوە دەدات و بەردەوام کتێب هاوڕێی دەبێت.

لەساڵی ١٩٧٨ دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لەزانکۆی سلێمانی وەردەگیرێت لە بەشی ئاداب زمانی عەرەبی و بە پلەیەكی باش زانکۆ تەواو دەکات و پلەی دووەم بەدەست دێنێت لەسەر ئاستی کۆلێژ به‌شی زمانی عه‌ره‌بی و شه‌شه‌م دەبێت له‌سه‌ر ئاستی به‌شه‌کانی تری کۆلێژ که‌ زانسته‌کانی زمان و کۆمه‌ڵناسی له ‌خۆگرتووە، یه‌کێك دەبێت له‌ ده‌ یه‌که‌مه‌کانی زانکۆ که‌ یاسای ڕژێمی عێراقی ڕێگه‌ی خوێندنی باڵای پێده‌دان به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگیریان بۆ حیزبی به‌عس هه‌بێت!

بۆیە پاش تەواوکردنی زانکۆ داوای خوێندنی باڵا دەکات و گرانترین بەشی زمانی عەرەبی هەڵدەبژێرێت کە (بەلاغەی زمانی عەرەبییە)، بۆیە وەك پاڵێوراوێك بۆ ئەو بەشە رۆژی چاوپێکەوتنی بۆ دیاری دەکرێت، بەڵام لەکاتی چاوپێکەوتنەکەدا پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت ئەگەر بەعسی نەبێت، چۆن دەبێتە ئاراستەوان و مامۆستای نەوەی نوێ. جەنابی مامۆستا لەوەڵامدا دەڵێت: "کارم بەسیاسەتەوە نییە." بەڵام کاتێك پرسیاری ئەنجامەکەی دەکات، دەڵێن: "هەر کات لەو بەشە قبوڵکرایت ئاگادارت ئەکەینەوە." بەڵام لە ئێستادا پەیوەندی بکە بە یەکەی سەربازییەوە، کە ئەوەش جۆرێك بووە لە ئیزن دان بەوەی وەرناگیرێت چونکە بەعسی بوونەکەی قبوڵنەکردووە!

پاشان بەغداد جێدێڵێت و دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و بۆ ئەوەی بە سەرباز نەگیرێت خۆی حەشار دەدات، تا لە ٢٠/٨/١٩٨٢ بڕياردەدات کوردستان جێبهێڵێت و هیجرەت بکات، بۆیە بە هاوڕێیەتی جەنابی مامۆستا عەلی باپیر بەنهێنی و قاچاغە رێ لە رێگەی شاخ و سەختاییەوە ڕوو دەکاتە ووڵاتی ئێران و سەرەتا دەچێتە شاری تاران، بە گەیشتنی هەوڵی ئەوە دەدات کە دەست بە خوێندن بکات لە زانکۆی تاران بەشی کۆمەڵناسی، بەڵام پرۆسەی خوێندنەکە سەر ناگرێت.

لە نێوان ساڵی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٤ لە ووڵاتی ئێران نیشتە جێ دەبێت و لە ئۆردوگایەکی سەر بە شاری کەرەج دەبێتە ئیمام و خەتیب و جگە لەوەی بایەخێکی زۆر بە خوێندنەوە دەدات، هاوکات لە لای زۆرێك لە زانایانی رۆژهەڵات زانستە شەرعییەکان دەخوێنێت. هەروەها لەگەڵ مامۆستا صلاحدين بەهادین و چەند چالاکوانێکی ئیخوان بەشداربووە لە دروستکردنی رێکخراوێکی جیهادیی بە ناوی کۆمەڵی پشتیوانان، هەرچەند ئێرانییەکان وەعدی پشتگیری و هاوکارییان پێداون، بەڵام سەرئەنجام لەوەی کە دڵنیا بوون دەستەمۆ نابن بۆیان، نەك هاوکاری بگرە کەوتونەتە دژایەتیان و زۆرێك لە ئەندامانی ئیخوانیان دەستگیرکردووە. هەروەها کەوتونەتە لێپێچينەوە لەگەڵ جەنابی مامۆستا کرێکار بۆیە بڕياری راکردن و گەڕانەوەی داوە پێش ئەوەی بڕياری دادگا دەربچێت لە دژی.

هاوسەرگیری

پاش ئەوەی لە مانگی ٨/ی ساڵی ١٩٨٤ دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی، لە ٢٢/٧/١٩٨٤ ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتو روخۆش ئەحمەد پێک دەهێنێت کە پێشتر یەکیان ناسیوە و جەنابی مامۆستا هۆکار بووە بۆ ئەوەی لە ریزی کۆمۆنیستەکان دوری بخاتەوە ببێتە مایەی هیدایەت دانی. خوای گەورە چوار منداڵی پێبەخشيون بە ناوەکانی (معالم و سەید قطب و ظلال و ئیبن تەیمییە).

رۆيشتن و نیشتەجێبوون لە پاکستان

پاش ئەوەی لەگەڵ خاتو روخۆش ژیانی هاوسەری پێك دێنن، بە رێگەی قاچاخە رێ دەگەڕێنەوە ووڵاتی ئێران و پاش ١٣ رۆژ لەوێوە بە نهێنی و قاچاخە رێ ڕو دەکەنە ووڵاتی پاکستان، لەگەڵ گەیشتنیان، لە سنوری پاکستان دەستگیر دەکرێن و جەنابی مامۆستا ماوەی ١٠٠ رۆژ زیندانی دەکرێت. لەبەر ئەوەی زیندانیش بۆ ئافرەت نییە خێزانی تەسلیم بە ماڵی شێخ عبدالخالق زامرانی دەکرێت کە زانایەکی دیاری ناوچەی بەلوجستانە و ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامی پاکستان بووە.

لە دوای سەد رۆژ زیندانی بە هەوڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکراوە ئیسلامییەکان، لە ناویشياندا کەسایەتی دیار و ناسراو شەهید عبداللە عزام بەرەحمەت بێت ئازاد دەکرێت. لە مانگی ٢ی ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ خێزانی لە شاری کراتشی پاکستان نیشتە جێ ئەبن و درێژە بە ژیانی ئاوارەی و غوربەت دەدەن. بایەخێکی زۆر بە خوێندنەوە دەدات و هەروەها بڕوانامەی ماستەر لە زانستی فەرمودەدا وەردەگرێت و وەك مامۆستا لە زانکۆی ئەبوبەکر کە لقێکە لە زانکۆی مەدینەی مننەوەرە وانە دەڵێتەوە و هەروەها بەردەوام دەبێت لە کاری رێکخراوەی ئیخوان.

تا ساڵی ١٩٨٨ و کارەساتی هەڵەبجە، کە تەواو گۆڕانکاری دێنێت بە سەر ژیانیدا و واز لەهەموو کارەکانی دێنێت، لە کاتێكدا خوێندکاری دکتۆرایە، دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە کاری فریاگوزاری لێقه‌وماوان له‌ خێوه‌تگاکانی ئێران که‌ ١٧٥,٠٠٠ په‌نابه‌ربوون و له‌ تورکیا ١٠٠,٠٠٠ زیاتر بوون!!

لە نێوان ئاوەریی ئێران و پاکستان چەند کتێبێکی بەسود دەنوسێت و وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی کە دیارترینیان (معالم في الطريق)ی سەید قطبە بەرەحمەت بێت و هەروەها یەکەم دیوانە شيعرییەتی بە ناوی (ژانی مان).

لە ساڵی ١٩٨٨ پاش کیمیا بارانکردنی هەڵەبجە، ريزەکانی ئیخوان جێدەهێڵێت و پەیوەندی دەکات بە بزوتنەوەی ئیسلامی لە ژێر رابەرایەتی مامۆستا مەلا عوسمان عەبدول عەزیز بەرەحمەت بێت. لە ساڵی ١٩٨٩ بۆتە ئەندامی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی. لەساڵی ١٩٩٤ خەتی ئیصلاح دادەمەزرێنێت، کە ئامانج لێی پەروەردەکرن و پاراستنی گەنجانی ناو بزوتنەوەی ئیسلامی بووە.

پاش ئەوەی مامۆستا عەلی پایر و باڵی نەهزەکان لە ٣٠/٥/٢٠٠١ جیابوونەوە لە بزوتنەوەی ئیسلامی، و هەروەها هێزی دووی سۆران لە ١/٩/٢٠٠١ بەیانی خۆیان کرد وەك جند الئیسلام و بزوتنەوە ی یەکبون بویەوە بە بزوتنەوەی ئیسلامی، لە ١٠/١٢/٢٠٠١ باڵی ئیصلاحی مامۆستا کرێکار و جندالئیسلام یەکیان گرت و پشتیوانانی ئیسلام (ئەنصار الئیسلام) یان دروستکرد.

کێشەی مامۆستا لەنەرویج و سەرەتای هاتنی [1]

مامۆستا كرێكار كه‌ له‌ ١٩٨٨دا وه‌كو كوردێكی چه‌وساوه‌ و هەڵاتووی بێ په‌نا مقابه‌له‌ی له‌گه‌ڵ ده‌زگای قبووڵ كردنی په‌نابه‌ریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئیسلام ئابادی پاكستان كرد و وه‌كو كورده‌كانی دیكه‌ مه‌له‌فی پێناسه‌ی رێكخرا، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان مه‌له‌فه‌كه‌ی نارده‌ چه‌ند ووڵاتێك كه‌ په‌نابه‌رێتی هه‌ندێك كورد قبووڵ بكه‌ن له‌وانه‌ نه‌رویج بوو كه‌ مه‌له‌فی مامۆستا كرێكاری دیراسه‌ كرد و مافی په‌نابه‌رێتی دایه‌ مامۆستا كرێكار و سێ منداڵه‌كه‌ی.

بۆیه‌ له‌ ٣٠/١١/١٩٩١ دا رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گه‌یاندنیه‌ نه‌رویج و له‌و كاته‌وه‌ له‌وێ جێگیر بوون.. له‌ شوباتی ١٩٩٨ دا رێكخراوی (INDICT) كه‌ به‌ریتانیه‌ بەڵام عایدی موخابه‌راتی سی ئای ئه‌ی ئه‌مریكاییه‌ راپۆرتێكیان ده‌رباره‌ی مامۆستا كرێكار و چالاكیه‌كانی دابووه‌ موخابه‌راتی نه‌رویجی!!

جەنابی مامۆستا لە ٦/٩/٢٠٠٢ دەگەڕێتەوە ووڵاتی ئێران بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ئەنصار بەڵام ئێرانییەکان دەستگیری دەکەن و دەیڕفێنن، پاش دەستبەسەرکردن و داواکارییان لێی بەوەی کاریان لەگەڵ بکات، جەنابی مامۆستا رەفزی دەکات، بۆیە تەسلیم بە ووڵاتی هۆڵەندای دەکەنەوە.

حكومه‌تی نه‌رویجی مامۆستا كرێكار به‌وه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ دژواریی له‌سه‌ر ئه‌منیه‌تی نه‌رویجی هه‌یه‌، تا ئێستا موخابه‌راتی ئێرانی و هۆڵه‌ندی و ئه‌مریكایی و نه‌رویجی و ئیتالیایی و ئه‌ڵمانی راسته‌وخۆ ته‌حقیقاتیان له‌گه‌ڵدا كردووه‌ و نه‌یانتوانیووه‌ به‌ هیچ شتێك تاوانباری بكه‌ن. ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت دژایه‌تیه‌كه‌ی مامۆستا كرێكار له‌به‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ تاوانباره‌ به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موسوڵمانێكی راست و سه‌ر ڕاسته‌.

لە ٢٥/١/٢٠١٠ لە نیوەشەودا لە ناو ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لە ناو ماڵەکەی خۆیدا هەوڵی تیرۆرکردنی ئەدرێت، بەڵام الحمدللە سەرکەوتوو نابن. [2] پاشانیش زانیاری دەگاتە دەستی مامۆستا بەوەی کەسانێکی دیکە رەوانە کراون کەهەوڵی دووەم بدەن.

موخابەراتی نەرویجی زیاتر لە ٤٠ جار جەنابی مامۆستای بردۆتە بەردەم دادگا بە تۆمەتی ئیرهاب و هاندان بۆ کاری توندو تیژی بەڵام لە هیچياندا سەرکەوتوو نەبوە، تا سەر ئەنجام چەند تۆمەتێکی بۆ رێکخرا و لە ٢٧/٣/٢٠١٢ دەست بەسەر دەکرێت و پاشان بە بڕياری دادگا بە دو ساڵ و دە مانگ زیندانی دەکرێت.

لە پاش دو ساڵ و دەمانگ زیندانی لە ٢٥/١/٢٠١٥ ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە نێو ماڵی خۆی لە شاری ئۆسلۆ، بەڵام پاش ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئێن ئارکۆی نەرویجی بە تۆمەتی بێ بنەما دەستگیر دەکرێتەوە.

بەرهەمەکانی

مامۆستا کرێکار لەسەرەتای دینداری و دەستپێکردن بە کاری ئیسلامییەوە، بە شاهیدی دۆست و دوژمن لە رادە بەدەر چالاک بووە، هیچ شتێك لە ئاوارەی و زیندان و خەباتی شاخ و شار نەیتوانییەوە بیوەستێنێت لە گەیاندنی پەیامی ئیسلامەتی و مەنهەجی کارکردنی. بۆیە بەرهەمەکانی زۆرن و زیاتر لە هەزار وتاری دەنگی و ڤيديۆی و زیاد لە هەشتا کتێب نوسین وەرگێڕانی هەیە و دیوانە شيعرییەکەی سێ سەد پەڕەیە. [3]

کەسایەتی

مامۆستا کەسێکی قسە خۆش و هەمیشە دەم بەخەندە و سوعبەت چییە، دڵسۆزە بۆ دەورەوبەری و هەرچی لە نزیکەوە بیناسێت ئەزانێت چەند بە خەمی دۆستانیەتی بەتایبەتی و خەڵکییە بە گشتی، دڵ نەرم و بەبەزەیی و بەخشندەیە و هەمیشە بە خەمی هەتیو بێوەژن و هەژارانەوەیە، هەرچی بێتە دەستی خێرا ئەیبەخشێت.

شەرع زان و بیرمەندە، ئاراستەوانێکی بە توانا و خاوەن مەنهەج و بەرنامەی گەورە و بەسودە، سیاسییەکی لێهاتووە و زو دەرك بە هۆکاری دروست بوونی روداوەکان دەکات و هەڵيان دەسەنگێنێت و شیکاریان بۆ دەکات. دڵسۆزی خاك و نەتەوە و نیشتیمانەکەیەتی، ئامادە نەبووە و نییە بۆ هیج داگیر کەرێك تەنازول بکات.

لێبوردەیە بەرامبەر بە هەڵەی موسڵمانان و خاوەن وەعد و بەڵێنە بەرامبەر بە نەیارەکانی، هەچ بەڵێنێك بدات ئەیباتە سەر، منجە منج و هیچ نەرمییەك نانوێنێت لە بەرامبەر بنەما عەقائیدییەکانی دینەکەی و هەرگیز هیچ تەنازولێك ناکات.

"کرێــکار دەنگی دلێری خوا وویستی و شەرعێتی هەڵوێستە"

ئامادەکرن: زانا هەمەوەندی

پەراوێز و تێبینییەکان

  1. ان شاء اللە لە داهاتودا لە ماڵپەڕی شاخ ئەم باسانە بە دورو درێژی لە ژیاننامەی مامۆستادا باس دەکەین.
  2. پۆلیسی نەرویج کوردێکی دانیشتوی سویدی تۆمەت بارکرد بەوەی کە یەكێك بووە لەو کەسانەی تەقەی لەماڵی مامۆستا کرێکار کردووە، بەرێکەوتن لەگەڵ پۆلیسی سوید دەستگیرکراو هێنرا بۆ نەرویج و ماوەیەك زیندانی کرا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەگەر لە دادگادا تاوانەکەی لەسەر بسەلمایە بەوەی کە یەکێتی رەوانەی کردووە، مامۆستا کرێکار مافی ئەوەی هەبوو سەرلەنوێ مافەکانی بۆ گێڕدرێتەوە... پۆلیس باسی لە گرتن وهێنانی کرد بەڵام هیچ رونکردنەوەیەکی نەدا لە بارەی ئازادکردنی!!
  3. ان شاء اللە لە درێژەی ژیاننامەکەیدا ئاماژە بە تەواوی بەرهەمەکانی ئەکرێت.